ئه‌مساڵ پرۆسه‌ى خوێندن له‌ به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ ده‌ستپێده‌كات

posted Jul 15, 2016, 10:56 AM by Nzar Muhamad Ahmed   [ updated Jul 15, 2016, 10:57 AM by Sarkhell Sirwan ]

وا بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى خوێندنى ساڵى 2016 – 2017 له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنكیكى سلێمانى به‌ سیستمى بۆلۆنا ده‌ست به‌ پرۆسه‌ى خوێندن بكات.

د.نه‌بیل عادل ته‌یب تاڵه‌بانى سه‌رۆكى به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ى كۆلێجى ته‌كنیكى ئه‌ندازیارى سەر‌ به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى رایگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای نه‌وتى جیهانییه‌وه‌ داواكرا هه‌وڵبدرێت به‌پێی سیستمی جیهانی و ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی كادری ناوخۆیی بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئاماده‌ بكرێت، به‌ هه‌وڵى د.سۆران سه‌عید یاریده‌ده‌رى زانستى سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و به‌ سه‌رپه‌شتى بریتش كاونسڵ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌گه‌ڵ زانكۆى(Forth Valley College) سكۆتله‌ندا و په‌یمانگاى نه‌وتى به‌سره‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كی له‌وباره‌وه‌ ئیمزا كرد.

سه‌رۆكى به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتیشى: له‌ سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ به‌ریتانیا كه‌ پرۆگرامێكمان بۆ خوێندنى ئه‌ندازیارى نه‌وت له‌ به‌شه‌كه‌مان ئاماده‌كردبوو و له‌لایه‌ن زانكۆى (Forth Valley College) سكۆتله‌ندا پێداچوونه‌وه‌ى بۆ كرا و له‌ ئێستاشدا ئاماده‌سازیی بۆ لایه‌نه‌ پراكتییه‌كانى پرۆگرام و مه‌نهه‌جه‌كه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هاوشێوه‌ى مه‌نهه‌جى خوێندنى زانكۆ سكۆتله‌ندیه‌كه‌ بێت

ده‌رباره‌ى مه‌رجى وه‌رگرتنى خوێندكاران له‌ به‌شه‌كه‌دا د. نه‌بیل عادل ته‌یب تاڵه‌بانى وتى: ئه‌و خوێندكارانه‌ى له‌ به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ى زانكۆى پۆیته‌كنیكى سلێمانى وه‌رده‌گیرێن پێویسته‌ خاوه‌نى بڕوانامه‌ى پۆلی شه‌شه‌مى ئاماده‌یی بن و له‌ رێگه‌ى چاوپێكه‌وتن و تاقیكردنه‌وه‌شه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوێندكارانى به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر ده‌توانن له‌ به‌شه‌كه‌ماندا درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن.

سه‌رۆكى به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ به‌نیازن جگه‌ له‌ پێدانى بڕوانامه‌ى دبلۆم و به‌ركالۆریۆس، بڕوانامه‌یه‌كى دیكه‌ به‌ خوێندكاران بده‌ن كه‌ ئه‌ویش بڕوانامه‌ى وه‌زارى سكۆتله‌ندایه‌، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانى نه‌وتى جیهانه‌وه‌ زۆر باوه‌ڕپێكراوه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ماسته‌ر و دكتۆراشیان هه‌یه‌ له‌ زانكۆ به‌رزه‌كانى وڵاتانى ئه‌وروپا هه‌وڵى وه‌رگرتنى بڕوانامه‌ وه‌زارییه‌كانى سكۆتله‌ندا ده‌ده‌ن

 

له‌ مانگى ئادارى ساڵى 2016 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانییه‌وه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ له‌ زانكۆكه‌ كراوه‌ و له‌ مانگى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵیشه‌وه‌ د.نه‌بیل عادل ته‌یب تاڵه‌بانى كه‌ خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دكتۆرایه‌ له‌ ئه‌ندازیارى نه‌وتدا وه‌كو سه‌رۆكى به‌شه‌كه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌ و له‌ئێستاشدا ئاماده‌كارى ته‌واو بۆ خوێندن له‌ به‌شه‌كه‌دا كراوه‌ و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى خوێندنى ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ست به‌ پرۆسه‌ى خوێندنیش له‌ به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و وزه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنكیكى سلێمانیدا بكرێت.

Comments